هوا شناسی
آرشیو اخبار
گالری تصاویر
فدراسیون
کردستان

  چڵ چەمە یا ھەزار چەمە(چهل چشمه)- مقاله ای از سلام اسماعیل سرخ


چڵ چەمە یا ھەزار چەمە

حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە ھەر تەم نەبێ

ئەو تەمە پیروزە سایەی لەو سەرانە کەم نەبێ

(( مامۆستا ھێدی))

شاخەوانەکانھەڵاتنی ڕۆژ بەر لە ھەموو ، و ئاوا بوونی ڕۆژ دوایی ھەموو کەس دەبیینن.

کێوەکان، کانگای وەدی ھاتنی ئاوی شیرینن ، پاراستنی ژینگە و حەز بە مەسئوولییەت لە بەرامبەر سرۆشت و بوو نەوەرەکانی ، بەرپرس بوونە لە بەرامبەر ژیان و ژیوار.

سروشت و ژینگە بەشێکی گەورە لە سامانی ھەر نەتەوەیەک لە خۆ دەگرێ و ھەستی بەر پرسانەی ھەر نەتەوەیەکە بە بەرامبەر سروشت کە داھاتووی دەستە بەر دەکا و دەی پارێزێ.

ھەر چەند ئەو ساڵ سرۆشت بێ ناز ماوەتەوە و بەفر لە کەمی داوە . مرۆڤ بۆ ویستی خوی و قازانج و بەرژەوەندی کاتی خەریکی وێرانکاری سرۆشت و ئاور تێبەردانی لەوەڕگە و دارستان و لە نێو بردنی ژیواری ئاژەڵە کێویەکان و باڵندە کانە.

ھەر جارێلە لایەک ھەوایەکی ناساز دێتە گوێ. جادە لێدان لە شاخ و کێوەکان بێ ڕەچاو کردنی یاساو ریسای خوی ، لە نێوبردنی لەوەڕگە و گیاجاڕەکان (بۆ زیادکردنی کێڵگە) و تاپۆسازی ( سەنەد ساز) لەوەڕگە و مەرتەعی میللی لە لایەن ناحەزان و ھەڵپەرستان ھەموو برینێکە کە ساڕێژ نابێتەوە و ھەر جارێ سۆ دەھێنێتەوە . یاساو قانونێک لە گۆڕێ دا نییە کە بەرپنگیان پێ بگرێ و دەستی ئەو ھەڵپەرستانە کورت کاوە. زانایی و فەرھەنگی ژینگە پارێزی بەداخەوە لە قەیران دایەو ئەگەر ھەیە بە دەگمەن لە بەرامبەر ئەو ھەموو کاول کاریە دەستەوستانە و چی پێناکرێ . و کاری خۆ بەخشانە بۆ ئاوەدانی سرۆشت و ژینگە پارێزی لە نێو ئێمەدا بەداخەوە کزە . ئەگەر ئاوا بڕوینە پێش ئەو وێرانکارییە دەبێتە قەیرانێک کە زۆری پێناچی تەڕ و ویشک پێکەوە دەسووتی و قازانجی گشتی و کومەڵگا ( سروشت و ژینگە) بەرەو وێرانی دەڕوا. لەو ھەموو کاول کارییە ماندووین . بۆ حەسانەوەی دڵ و دەرون دەخزێنە باوەشی بەھاری چل چەمە، کە ڕایەخی بەرپێی سۆرە گوڵ و میڵاق و مەنێیە و بە دوندی بەرزی چل چەمە چێژ وەگرین و باوی ھەنگاوەکانمان خۆشتر بێ.

لیزگەی شاخەکانی چل چەمە بەھوی ئەوە لە مەڵبەندێک ھەڵ کەوتووە کە لە شارە پر حەشیمەتەکان دوورە، سرۆشتی چل چەمە ئەو کاول کارییەی تێدا بەدی نەھاتووە کە لە شوێنەکانی دی دەبیندرێ ، بەھۆی ئەوە لە زستان دا لاپاڵ و شیو و دۆڵەکاندا بەفرێکی زۆر لە خۆ دەگرێ ، کە ھەتاکوو ھاوین لە بەرامبەر تیشکی بەتین و پڕشنگ داری خۆر دەمێنیتەوە و ئاو لەوەڕ گەو سرۆشتی ڕازاوە و بە سەدان جۆر گیا و گۆڵی کێوی  دیمەنی تاڤگە و ڕێژاوان لە  قەڵپەزەی ئاوی سەر بەردان کە لە گیاجار و چیمەن و بەر بناران ئاژین دەبن و گیا و گژان دەژێینەوە ، ھانمان دەدا وەڕێ کەوین لە پەنا سرۆشت و شاخی چل چەمە بە بەژنی لوتەکەی شانشین بگیرسێینەوە و سرودی ژیان بخوێنین.

نێوە ڕاستی مانگی گوڵانی سالی 1393ی ھەتاوی (2014 زایینی) بۆ دیتنی ئەو موزە سروشتیە و شاخەوانی چل چەمە شەمی بڕوامان ھەڵ دەبێ و خەم و پەژارەمان دەڕەوێ . کۆڵەکان بە کۆڵەوە وەڕێ دەکەوین ، شەش کەسین کە ھەموو ئەزمونی شاخەوانیمان ھەیە.

کاک ئەسعدی سوبحانی ، خێزان و ھاوسەرم مێھری ئەمیری ، سەییدزادە زوڵێخا ئەکبەری، عەتییە خانم سادقی و میوانێکمان لە لێژنەی (چیای سەوزی مەریوان) کە NGO یەکی ژینگە پارێزە، بە نێوی ڕێزدار سارا ئەمجەدی کە کارناسی باڵا (فوق لیسانس)ی زانستی پزشکییە ، لە زانکوی میللی تارن دەخوێنی و تێزی بڕوانامەی خوی لە سەر جۆرێک ( قالۆنچە ، قولانجە)ی بەدەگمەن بە نێوی عیلمی melodae کە لە کێوەکانی کوردستان دا ماونەتەوە و بۆ عیلمی پزیشکی کەڵکیان لێ وەردەگیرێ، کە لە پازدە ساڵی ڕابردوو بەھووی ئاڵوگوڕی کەش و ھەوا بەرەو گەرمی، زۆرێک لە گیاوگژ و جڕو جانەوەریش تێیدا چوون ، کەلە کونفرانسی ڕۆژی 20 مانگی سێخووار(آذرماه) کە ڕۆژی جیھانی کوێستانە لە تاران ببووە دێوناسمان ، دووبارە بە خێڕھاتنیان پێ دەڵێم و لەو ھەموو زەحمەت و ئەرکە کە بۆ کارەکەی ، تۆژینەوە و تەحقیق لە شاخەکانی کوردستان کێشاویەتی ڕێز دەگرێن و چل چەمە بۆوی دەبێتە ئەزموونێکی دیکە و لە بیر نەکراو ، و ھیوام وایە بە تیشکی کار و زانین و تێکوشان ، چرای پرشنگ داری شەمی بەتینی ڕوناکتر و گەشاوەتر بێ.

یەکێ لە کێوە بەرزەکانی کوردستان دوایی قەندیل و شاھۆ ، لە لیزگەی کێوەکانی زاگرۆس زنجیرە کێوی چل چەمەیە، کە دوندی (شانشین) بە 3200 گەز بەرزایی سییەمین کێوی بەرز لە کوردستان دێتە ئەژمار کە لە 75 کیلومیتری ڕۆژئاوایی باشوری شاری دیوان دەرە ھەڵ کەوتووە. بە ھۆی گیاو گۆڵی خۆڕسک وەکوو: 1- سۆڵان(پامچال) 2- کاشمە 3- لوشە4- پسل5- کۆڵ6- سمور7- ڕێواس8-مەنی9- سورە بنە10- گۆنی 11- کنیواڵ ،  کوڕادە12- پیچک 13- بەرەزا14- سنەوبەر15- قەیتەران16- وەنەوشە17- سالمە 18- شنگ 19- پنگە 20- گیاچایی 21- گۆزروان 22- سیر23- زەرتک 24- کەنگەر 25- ھەڵالە 26- بێژان 27- خاکشیر و بە سەدان گیا و گوڵی دیکە

کە بەشێکی بۆ دەرمان و دەوایی سروشتی دتواندرێ کەڵکی لێ وەرگیرێ ، وەک مووزەیەکی سرۆشتی وایە کە دەبێ بە ھەمووان پاریزگاری لێ بکەیین.

ھاتنی ھەوای گەرم و نماوی بەربڵاوی باران ھێنەری زەریای (مەدیتەرانە) بەرەو خاکی زێڕین و بە بڕشتی کوردستان ، بۆتە ھۆی ئەوە کە کێو و کەژ و دەشت و لاپاڵ و شێو بە گیا و گژو دارو دەوەن دا بپوشرێ، بە گۆڵ و گەون و گەڵا بڕازێتەوە و ئەو مەڵبەندە لە کوردستان، زنجیرە کێوەکانی چل چەمە بەفری زۆر لە خۆ بگرێ و لە ساڵ ھەتاکوو M.M500 باڕشتی ھەبێ . بەشێک لە گیا و گۆڵی چل چەمە کە بۆ دەواو دەرمان دەتوانرێ کەڵکی لێ وەرگیرێ برتیین لە :

1- چەق چەقە (کاسنی) 2- کەنێرە (اکلیل کوھی) 3- سۆ ، گۆل پەڕ ( انجدان رومی) 4- ڕێزەڵە مارانە( تاج ریزی) 5- کرم کاشور( شقاقل) 6- پێکوڵ (خارخسک) 7- قەیتەران(پرسیاوشان)8- گوڵە بەڕۆنە( افسنتین) 9- پرسە پیرژنە(بابونە گاوی) 10-چاوکوتکە( بابونە زرد) 11- مەزرە( مزرە) 12- جاترە خاسە( آویشن شیرازی) 13- بێژان( پنجە) 14- گۆزروان( گاوزبان) 15- ڕۆنیاس(روناس) ھەڵاڵە( اسپیرا) 17- شڵێرە ( لالە سرنگون) 18- گەز گەزە( گزنە) 19- کەرکۆڵ( شکر تیفال) 20- لاو لاوە مارانە( نیلوفر آبی) 21- جەگەن ( اگیر ترکی) 22- ھێرو ( گل ختمی) 23- مێکوک ( شیرین بیان) 24- زولفا ،  بۆ ئاسم باشە 25- سالمە ( ثعلب گرده) 26- ئەسپون (چوبک) 27- کووزەڵە( بولاغ اوتی) 28- سورە بنە ، قونسور(سالک) 29- کاشمە ( انجدان سفید) 30- سریش ، خوژە ( سریش) 31- وشترخوار (خارشتر) 32- کیوار (کیفار) 33- کەرتەشی ، سەلکەتەشی34- کەرکۆڵ ( شکر تیغال) 35- گۆگەم ، گاومە( گول ماھور) 36-زریزانە(تەلخەک)36- کارگ(قارچ) 38- لۆگانە(لو) 39- ھەڵامە(گیاھی با بوی خوش) و ...

چل چەمە 1- لە باکورەوە بە دێکۆی زەرینە و تیلەکۆی سەقز 2- لە باشورەوە بە دێکوی ساراڵ و مەریوان 3- لە خۆر ھەڵاتەوە بە دیوان دەرە و زەڕینە 4- لە خۆراواوە بە دێکوی خورخوڕەی سەقز نووساوە . بە ھوی ئەوە کە ناوەندی زنجیرە کێو و کوێستانی بە ناو بانگ و زنوێر و بەرز و چڕ و لەوەڕ خۆش و ئاو زۆر و بە دیمەنی ((چل چەمە)) لەم نێوانەدا سەری بەرزی ھەڵێناوە ، بە چل چەمە ناونراوە ، یانی چل چۆم . چوارچۆمی گەورەی 1- چۆمی خوڕ خوڕە 2- چۆمی ساحێب لە باشوری چل چەمەوە 3- چۆمی قزل وەزان لە خۆر ھەڵاتییەوە 4- بەشێک لە چۆمی سیروان کە لە بەر پلەی ساڕال دەچێتە نێو سیروان سەرچاوە دەگرن و ھەرکام لەم چۆمانەش لە دەیان چۆم بەدی ھاتووە.

( بۆ زانیاری زورتر ، ساڕاڵ لە دو وشەی (سار) و (ئال) تێکەڵە : سار یانی وێنە یاکوو سەحرا و دەشت (ئاڵ)ڕەنگی سوری کاڵ یانی سەحراو دەشت و کوێستان پڕ لە گوڵ و گیای سور و کاڵ.

کە 120 ھەزار ھکتار ڕوبەر(مساحت)ی ساڕاڵ بۆوە لە نێوان دیوان دەرە و مەریوان کە بەر پلە و سەرپلەی ساڕاڵ لە خۆ دەگری ، کە ئەوڕ وکە ئەو ڕوبەرە وا نەماوە و زۆری کێڵ دراوە. وە ژمارەی چل لە فەرھەنگی زاراوەی مییلەتی کوردنیشانەی کەماڵ و تەواوی وشکۆیە . کە زمان لە حاستی جووانی چل چەمە لاڵە و کاتی دەچی نازانی لەچی بڕوانی لە گۆڵە سوری ڕێواسەکان، یاکوو لە گۆڵە زەردی سۆڵانەکان،یا لە بسکی گەشی کچی چنور یاکوو بۆنی گۆڵە مێلاق و ھەڵاڵەکان  ھەریم یاکوو دێکوی چل چەمە 666 کیلومیتری چووار گۆشەیە ، دتوانین بلێین گەورەترین پانایی گیا و گۆلی زاگڕوس لە چل چەمە دا خەمڵیون کە لە باکوورە وە 1- بە دیی (یاپەڵ) وە نوساوە 2- لە باشورەوە بە دێی (تەورێز خاتون) و مەزرای (قەفڵانداغی) وە لکاوە3- لە خۆرئاواوە بە ئاواییە کانی ، ئالیجان ، ئاوبارە پاڵی داوە 4- لە خۆر ھەڵاتەوە بە (( عەلیاوا و تەورێزخاتون) وە لکاوە.

لیزگەی شاخە کانی چل چەمە کانگای ئاوە لە زاگرۆس دا کە یەکێ لە چۆمە پڕ ئاوەکانی کوردستان چۆمی خۆرخۆڕە یە کە لە چەندین چۆم سەر چاوە گرتوو لە چل چەمە بەدی دێت و دەڕژێتە سەر (بەنداوی بوکان واتە سەدی کوروشی کەبیر) و چۆمی جەغەتو پێک دێنێ. بەنداوی بۆکان لە لایەن شەریکەی گەورەی وڵاتی (ئوتریش) بەنێوی ئاپۆر APUR لە ماوەی ساڵەکانی 1350-1347 چێ کرا ئەوەی بەنداوەی ھەڵبەست. وە تەواوی شارەکانی بۆکان – سەقز
،  تەورێز و میاندواو ... لە ئاوی ئەو بەنداوە کەڵک وەر دەگرن و تێر ئاو دەبن.

چۆمە بە ھێبەتەکانی چل چەمە:

1- چۆمی شاقەڵا- چۆمی ھەنگ لاوی کە لە شیوە پڕگۆڵ و زەنویرەکانی خۆرھەڵاتی کوێستانی چل چەمە و کوێستانەکانی مزگەوت و میرزا، دووبرا، قەلا تەڕەش، قادر کوژیاوە وە سەر چاوە دەگرێ و دێی نەرگەسەڵە بەجێ دێلێ و لە نێوان دەرەگاوان و نەرگەسەڵەدا چۆمێلکەی دەرەگاوان کە لە کێوی قەبری دەروێش و ڕوکاری باشوور و خۆرھەڵاتی مزگەوت و میرزا سەرچاوە دەگرێ ، تێکەڵاوی دەبێ کە دەڕوا تا نزیکی شاقەڵا- ئەمجار چۆمی کەلەبا- لە کوێستانی کانی میرزا، چۆمی کانی خەسرەو لە کوێستانی بەردەسپی چۆمی سلێماناوا لە کێوی بەردە ڕەشە وە سەرچاوە دەگرێ ، دێتە سەرو ئاواییەکانی ئاڵیجان، ئاوبارە ، عەزیزئاوا بەجێ دێلێ و لە نێوان ئاوای (بست) و (کەکەوسان) دا دەڕژێتە ناو چۆمی بستەوە، لە حاست دێی وزمان بەرەو خۆرئاوا لا دەکاتەوە و بە قەراخی دێکانی(کەکەوسان) و (دەرەویان)ە وشکە دا ، تێ دەپەڕێ و لە ژوور دێ مەولاناواوە وە چۆمی ئیسحاق ئاو تێکەڵاو دەبێ.

2- چۆمی بست : چۆمی بست سێ قۆڵە و لە کوێستانە کانی ھەستێرە ڕەش ، سەر قەڵپەزە ، کێوی قەڵا ،قوڵی زلێخا( پێم وایە ناوی دایکی شێخ حەسەن مەولاناوا زلێخا بووە ، چون لەم شوێنە نوێژی کردووە و قیبلە ( ڕووگە)ی بۆ دیاری کردووە، بەم جێگەیان کوتووە قوڵی یانی قیبلەی زلێخا. شیوی دەلو( دەلو) لە ڕابردودا ئاواییەکی ئاوەدان بووە و شێخ حەسەن مەولاناوا لەم ئاواییە لە دایک بووە( شێخ حەسەن مەولاناوا زانا وە عارفی گەورە لە سال 1073 کۆچی لە ھەوارە دەلو لە نێوان لیزگەی کێوەکانی (چل چەمە)ی خوڕخوڕە لە ژۆر دێی (بست)ە وە ھاتۆتە دونیاوە – پەرتوکی (الانوار) ھی ئەو زاتەیە لە ڕاھێنان وە دەرس وێژی دا لێھاتوو بووە). کانی چاوڕەش لە بەر ئاو زۆری بە ناو بانگە لە داوێن شانشین ی چل چەمە، و زیاتر لە دو ئاشگیر ئاوی ھەیە (پێم وایەبە نێوی ژنێکی ھەوارنشین ئەو کانییە نێو دێرکراوە) . ھەر وا لە کێوی کەنیشک کوژیاوە سەرچاوە دەگرێ لە نێوان کەکەوسان و وزمان دا تێکەڵاو بە چۆمی شاقەڵا دەبێ ( کە پێی دەوتری دوو ئاوی بست و کەکەوسان).

3- چۆمی خوڕ خوڕە : لە زمانی کوردیدا بە دەنگی ئاوێ دە کوترێ کە لە بەرزاییە وە بێتە خوارێ و قەڵپەز بکا – دێی خوڕخوڕەش لە داوێنی باکووری زنجیرە کێوی بەسام و سەرسەوز و بەرزی چل چەمە لە نێو دوو کێوی بەرزی ئەم زنجیرە کێوە ھەڵکەوتووە – بە ھۆی بەفر و بارانی زۆری ئەم شوێنە بە تایبەت کاتی بەھاران ، لە گشت شیوو دەرەو کەژ و کێو و لاپاڵ و بن بەردان، چاوەکانیان ھەڵ دەقوڵێن. ئاوان بەلیزمەو خوڕ دێتە خوارێ و ڕێژاو و تاڤگان دروست دەکەن، و ئەم چۆمە کە بێرە دا دێتە خوارێ بە خوڕخوڕە ناودێر کراوە ، کە سەرچاوەکەی چل چەمەیە و ھەموو دەچنە سەر چۆمی جەغەتوو ( زرینە رود) . بە پێچەوانەی ئەوەی لە نێومان دا باوە ، جەغەتوو وشەیەکی کوردیە نەک تورکی، چون جەغەتاو لە زمانی کوردی دا بریتییە لە ھەر جۆرە شتێکی تراویلکە کە زەڕنووقاوو کە فەڵوکەی کەوتبێتە سەر، وەک لافاوی کە بە کەف و کوڵەوە ھەستابێ یا وێنەی بەفرێ کە بەھۆی خۆر و گەرمی ھەواوە، توابێتەوە و سەرەکەی کەفی کردبێ، بەم جۆرە شتانە دگوترێ جەغەتاو ، یانێ ئاوی کە بە ھۆی خاکەوە کەفی کردبێ (جەغ) یانی خاک ،( تاوە) یانی ئاوێ کە بە ھۆی توانەوەی بەفر و تەرزە بەدی ھاتبێ.

چل چەمە وەک بووکی ڕازاوە وایە لە لیزگەی شاخەکانیزاگرۆس کە ناوەند و مەکوی ئاوە بۆ ژیان و ئاوەدانی و پێک ھێنەری چۆمە گەورەکانە کە پڕ لە گۆل و گیایە . و ھەر لە بەرە بەیانی مێژووەوە کە ڕابڕدوکانی ئێمە لە داوێنی زاگرۆس دا ئارامیان گرت، کێوەکان بوون بە حەشارگە و جێگای لەنگەری خاکی پاکی نیشتمان ، کە ئاو بۆ ئاوەدانی لە زاگرۆس بووبە مایە و ھەوێنی ژیان، کە بە دوایی دا فەرھەنگ و شارستانییەت لە زاگرۆس دا کەوتە گەشانەوە و بوو بە ھۆی ئەوە رەسەنترین فەرھەنگ لە زاگرۆس دا بگوورێ.

زاگرۆس ناوی لیزگەی کێوێکی بەخێر و بیرە کە لە کێوە کوردنشینەکانی ئارارات وە تا کەنداوی فارس لە باکوورەوە بەرەو باشوور بە درێژایی ھەزار و شەش سەد کیلومیتر سەربەرز و بە دیمەن ڕاوەستاوە. لە سەدان زنجیرە کێوی شان بەشان(متوازی) بەدی ھاتووە . پانیەکەی لە نێوان 160 تا 320 کیلومیتر دایە کە ڕوبەر (مساحت)ی دەبێتە 384 ھەزار کیلومیتری چووار گۆشە ، زۆربەی لوتکەی کێوەکانی زیاتر لە (3000)ھەزار گەز بەرزن، و بڵیندترینیان نوچکەی (زەرد کێو)ی بەختیارییە کە 4547 گەز بەرزە.

کێوەکانی زاگرۆس لە دەورانی سییەمی زەوی ناسی (سنوزوئیک) وە دی ھاتووە.

بەشی کاڕستی( تەپە و دەشتی قسڵی بێ بەھرە)ی زۆر تێدا دەبینرێ . بەشی ناوەند و باشووری ئەم کێوانە لە چین خواردویی ھێڵە پچراوە کانیدا زۆر چاڵ و چۆڵی بازنەیی(گرکانی) تێدایە.

یەکێ لە تایبەتەکانی زاگرۆس، دارستانی بەڕووە کە سامانێکی 5700 ھەزار ساڵەیە کە لە بەرزاییەکان بەروو، مازوار، دارەبەن، قەزوان، بادام، گێوژ،وزم، تەنگز،... دەبیندرێ . بۆ زانیاری زۆرتری خۆێنەران لە سەر داری بەڕوو کە ھێمای سەروەری زاگرۆسە و بەشێک لە شاخەکانی کوردستانی پێ رازاوەتەوە داری بەڕوو ( خانوادە بلوط) ، لە بنەرەت دا لە مەدیتەرانەوە بە ھۆی ڕووداوی سروشتی بۆ شاخەکانی زاگرۆس لە کوردستان و ئێران ھاتووە و گوێزراوەتەوە کە پێشینەی تەمەنی لە زاگرۆس دا 5700 ساڵ ھەتا 5800 ساڵە.

کە داری بەڕوو حەوت بەشن.

1- بەڕوو: دوو بەشە کە بەڕووە خۆشەی پێدەڵێن.

2- داری ویۆڵ : جۆرێک داری بەڕووە ، کە بە دوو جۆر دا بەش دەبێ.

3- داری مازووار: کە سێ بەشە ، کە تەنیا داری مازوار ، مازوو دەگرێ.

کە بەری مازو ، دژ کردە یەکەد (عکس العمل) لە بەرامبەر مێشوو مەگەس کە بە دەوری گەرای مێشوو مەگەس جەغز دەبەستێ و بە دەوری دا دەتەنێ و دەبێتە مازوو ، کە دژ ئافەتە.

کە حەوت جۆرە ، بریتین : 1- مازو 2- گزگل 3- سیچکە 4- قژگە5- لووتەوانە 6- ھەمزە بەگی 7- خرنۆک 8- پۆ خووگە 9- بەرەگەڵا

لە ناو دۆڵ و لاپاڵ و ناو بەردو نوچکەی شاخەکان ، مێرگ و گیاجار و چڕگەنی زۆرە.

کاتێ دەبینی کە زەوی وزاری سارد و سری دوایی زستان،بە تیشکی پڕشنگ داری خۆر بوژاوەتەوە ئەوکاتە بە ھەر لایەکی (چل چەمە)دا دەڕوانی چەمێکی لێ ھەڵ دەقوڵێ و خێر و خۆشی لێ دەبارێ، بە ھەر دەرە و شیوەلێکدا ئاشگیرێ ئاو دێتە خوار، لەو کاتەدایە دڵ و دەرون یەک دەگرێ کە دووبارە ئاوڕێکی دی لە چل چەمە بە دەینەوە. ھەر چەند لە سەر چل چەمە چەند و تارم نووسیوە، بۆم تازە دەبێتەوە کە ئەو نادیارانی کە نەم دیون بە چاوی وردبینەوە لێ بڕوانم و بە پێنووسی دەستم بیان خەمە سەر کاغەز و بۆ بەرەی ئەوڕوو داھاتوو ببێتە سەبەب بۆ پاراستنی ئەو سامانە نەتەوایە تییە. شاخەکان ھێمان ، پێناسەن، نمادی ئەم سامانەیە بۆمان ماوەتەوە. لە بوونی کێوی بەھیبەت و ژینگەی ڕازاوەیە مرۆڤ ھێدی و ھێمنە، بە ڕاھاتن و فێرکاری بیپارێزین.

لیزگەی کێوەکانی چل چەمە بەر بڵاو و بە دەیان دوندو کێوی بەرز لە خۆ دەگرێ وەک شانشین (چل چەمە) ، داڵاش، دووبرا، سوڵتان،ئەفراسیاو، کانی میران، ھەزار مێرگ ، مزگەوتو میرزا، کەڵ کوژ و ....

کێوی چل چەمە(شانشین) بۆ خۆی چەند یاڵی بەربڵاو لە خۆ دەگرێ کە بریتین : 1- کەلە با 2- یاڵ ملە کەوە 3- یاڵی قوڵی زلێخا 4- یاڵ گاوە لال 5- یاڵ بەردە قیبلە 6- یال شانشین 7- یاڵ کاڵ کاڵی 8- یاڵ دلو 9- یاڵ ئەستیرە ڕەش

بەر بڵاوی لیزگەی شاخە کانی چل چەمە ھۆکارێکە کە ورد لێ بڕوانین ، شاخەوانی لەو نێوە دا ئەزموونێکی ترە.

کێوەکانی چل چەمە

1- کێوی مزگەوت و میرزا : لە شاخە بە ھیبەتەکانی چل چەمە دێتە ئەژمار 3050 گەز بەرزایی ھەیە کەوتوتە پشت ئاوایی نەرگسەڵە و لە لایێکەوە لکاوە بە ئاوایی (کۆڵ) و لە لایێک بە ئاوایی ( دۆزەخ دەرە).

2- کێوی ھەنگەلانە: لە شاخە پڕ شکۆدارەکانی چل چەمەیە کە ھاوشانی کێوی سوڵتانەو کەوتۆتە پشت ئاوایی کانی میران.

3- کێوی ھەزار مێرگ: کە لە لایێک لکاوە بە ئاوایی (ھەوارە گەرمە) و لەلایێک بە دوندی شانشین چل چەمە .

4- شانشین ( چل چەمە) : لە بەرزی دا لە زنجیرە کێوەکانی چل چەمەیە تاقانەیە 3200 گەز بڵیندە و لە داوێنی دا بە دەیان کانی پڕ ئاو ھەڵ دەقوڵێ ( کانی چاوڕەش) و لە داوێنی دا مزرای گۆلی سۆڵان ئەو ناوەندەی کردۆتە بەھەشتی خودا کە لە ھەموو لایێک دێن بۆ سەیرانی.

5- کێوی کانی میران: کە لە لایەک لکاوە بە ئاوایی ڕێزاوی و ھاوشانی کێوی ‹‹ دوبرایە››.

6- کێوی دوبرا: ھاوشانی مزگەوت و میرزایە، 3000 گەز بەرزی ھەیە.

7- کێوی سوڵتان : کێوێکی بەسام و ھەیبەتی لیزگەی چل چەمە بە 3184 گەز بەرزی دێتە ئەژمار قوت وەک دەماوەندێکی چکۆلە وایە کە دەڕوانێتە ئاگجە و گوگجەی مەریوان و لە پشت ئاوایی نەرگسەڵە ھەڵ کەوتوۆە.

8- کێوی باشورتی : مەنشور بە ((ھەڵەجاڕ)) ھاوشانی ئاوایی (( ئاگجە))یە.

9- کێوی ھەڵەکۆکان: لە لیزگەی چل چەمەیە کە بە ئاواییەکانی ڕێواسەوکانی کەوو لکاوە.

10- کێوی سەر سێڵاو: لە شاخەکانی چل چەمە دێتە ئەژمار کە ھاوکەوشەنی کێوی کا نێعمەت.

11- کێوی مارەسوورە: کەوتۆتە نێوان ئاوایی ئیسحاق ئاوا و کێوی کا نێعمەت.

12- کێوی قوڵی قاورمێ: کە مەنشوورە بە کێوی (( پشت دەربەند)) لە لایەک لکاوە بە کێوی کانی تاڵە. لە لایەک بە ئاوایی درەوزان و لە لایەک ھاوشانی ئاوایی قزڵ بلاغە.

13- کێوی کانی تاڵە و کێوی بێشکاوی : لکاون بە ئاوایی قزڵ بلاغ و شاقەڵا کە ھاوشانی کێوی دەربەند و بەردە سپییە.

14- کیوی دەرەتەنگێ : ھەڵکەوتووە لە نێوان کیواراوی و پشت دەربەند.

15- کێوی دەربەند: کەوتۆتە پشت ئاوایی شاقەڵا.

16- کێوی کەڵ کوژ: لە کێوەکانی لیزگەی چل چەمەیە کە لکاوە بە ئاوایی تەوەکەڵان و ئاوایی شەریف ئاوا.

17- کێوی گردە قولینگ: لکاوە بە ئاوایی (درەوزان) و ئاوایی(شاقەڵا) -ھەڵکەوتوو پشت کانی شیخ ئەحمەد.

18- کێوی باینچۆ: ھەڵکەوتوو بە ڕوکاری ئاوایی باینچۆ.

19- کێوی داڵاش: یەکێک لە کێوەکانی چل چەمەیە کە زاڵە بە سەر ئاوایی قزڵ بلاغ و دۆزەخ دەرە .

20- کێوی قەجەو کونەقاژ: لە لایەک لکاوە بە کێوی سوڵتان.

21- کیوی کانی با: شاخێکی زۆر بە دیمەنە ، خووارتر لە سۆڵانە سەختە ھەڵکەوتووە ھاوکەوشەنی ئاوایی تەوەکەڵانە.

22- کێوی پەپولە بەھار: یەکێکی دی لە کێوە خنجیلانە کانی چل چەمە دێتە ئەژمار.

23-کێوی باشورتی : لە زنجیرە کێوەکانی چل چەمەیە کە لە داوێنی گۆڵی زەرد ڕەنگی تێدا زۆرە بە تایبەت سروەی بەیانان لە ناو گوڵزار و ھەواری کوێستانان لەو مەڵبەندە ژیانێکی دیکە خەڵات دەکا .

24- کێوی سۆڵانە سەختە: شاخێکی بەرز کە 3150 گەز بلیندایی ھەیە و گۆڵی سوڵانی زۆرە.

25- کێوی گاوەلان : لە لیزگی شاخی چل چەمە دێتە ئەژمار و گیای گاومە ، گۆگەمێ زۆرە.

26- کێوی قەبرە دۆمە: ھەڵکەوتوو نیوان کێوی سوڵتان و دووبرایە.

27- کێوی وڵوشار : کێوێکی بەسام و شکوی چل چەمەیە، نێوان ئاوایی گولچێر و ئاوای سۆفی بلە ھەڵکەوتووە.

28- کێوی بەردی مەلاخدر : ھاو کەوشەنی ئاوایی گولچیرە ، و بیرھێنەری ڕووداوی ڕاوگەی مەلا خدر لەو کێویە کە بۆ خۆی سەر بوردە و داستانێکی ھەیە.

زنجیرە کێوەکانی چل چەمە وەک قەڵایێکی قایم وان کە سەر چاوەی چۆمانن کە بە ھۆی لە خۆ گرتنی ڕیندوە بەفرەکان لە کوردستان دا کانگای ئاو دێتە ئەژمار و ھەر لە بەرە بەیانی مێژووەوە لەنگەری خاکی پاکی کوردستان بووە کە ناسین و پێدا گەڕان ئەرکی سەرشانی ھەموو مروڤێکی دڵ سۆزە کە بۆ ناسین و پاراستنی ئەو موزە سروشتیە کۆتایی نەکەین .

پێویستە وە بیر بێنمەوە کە لە چل چەمە چەندین ھەواری مێژوویی ھەبووە کە لە گەرمێن و کوێستان ھاتوون و لەوەرگەی مەڕ و ماڵاتییان بووە کە ھەواری قوڵینگ ئەحمەد خدر، ھەواری مکائیلە کوێرە ، ھەواری کانی چاوڕەش ، ھەواری جەمین، ھەواری کانی زلێخا لە ھەوارە مەنشوورەکانی چل چەمە دێتە ئەژمار.

لەوەی لەو شاخە وا نییەش ھاورێمان بوون ، لەگەڵ ئێمە چوونە وە نێو ناخی ژیان وە لە گەڵ چل چەمە کەوتنە وت و وێژ و بە ئاوی کانی ((چاوڕەش)) توونیاتیتان شکاند، قەت لە کەلی ھومێد دا نەکەون ، ھەتاکوو زەردەی خۆری دەم کەلێکی دی و زرێوەی مەلە رەنگینەکان بۆ شاخێکی دی و ھەوارێکی تر و جێژوانێکی دیاریکراو مال ئاوا.

تەواو: سەلام ئیسماعیل سورخ

 

 

 

 

سپاس بو پێزانین بۆ کاک ناجی کانی سانان بەرپرسی ((چیای سەوزی مەریوان)) NGOبۆ ئەو زانیارانەی سەبارەت بە داری بەڕوو پێداین.

سە ر چاوەو پەراوێزەکان :

1- کاری مەیدانی و شاخەوانی خۆم لە سەر چل چەمە لە 15 ساڵی رابردوو ھەتا ئەوڕو .

2- جوغرافیای تاریخی کوردستان – جەلالە دین شافێعی کورد – ساڵی 1378ی ھەتاوی چاپخانەی ن وەالقەلەم تاران.

3- نووسراوەی خۆم: چاپ کراو لە وەرزنامەی کێو ژمارە 13 زستانی 1377- ساڵی چوارم تاران.

4- نووسراوەی خۆم: وەرزنامەی کێو ژمارە32 بەھاری 1381- ساڵی ھەشتەم تاران

ارسال شده توسط . farid.bayzidnezhad.-  شنبه 13دی ماه1393- ساعت 18.20






   نام   

 ایمیل     

متن