هوا شناسی
آرشیو اخبار
گالری تصاویر
فدراسیون
کردستان

  دکتر خسرو خسروی کردستانی (شاخەوانێک لە ڕەگەزی بەڕوو، دوکتورێک لە تۆرەمەی خاک)


هەرچەن پێگەی گرینگی شاخەوانەکان بۆ شۆناس و هەستی داهێنانەیان لە زەین و ئەنیشەدا کێوی بەدی هێناوە و تۆماری کردووە، بەڵام بنەمای پێکهێنانی  کەسایەتی دەوڵەمەند وەک سامانێکی مرۆڤی؛ کۆمەڵگا پێکی هێناوە و لە گەڕان و پشکنین و فێرکاری و نزیکی لەگەڵ خاک و ئاو جووڵە و هەڵس و کەوت لەگەل شاخ و پێدەشتەکان هەڵس و کەوت لەگەڵ کۆمەڵگا و دیتنی دونیای شاراوە کە زۆر کەس نایبینن و نایبیسن، بنەمایەکی بە هێز بۆ خولقاندنی کاراکتێر و کەسایەتی لێ وەشاوەی شاخەوانەکان پێک هێناوە. بە ئاوڕدانەوە بەو میراتە گەورەوی شاخەوانەکان کە زۆرتر بۆ خۆیان خولقێنەر بوون، چیرۆکی ئەوەندە مەزن تۆمار دەکرێ، جاری وایە تێکەڵاوی ئەفسانە و ئەستوورە دەبێ. دەسکەوتەکەنی شاخەونی جیا لەوە هوشیارێکی گەورە و لە ڕابەدەر بە مرۆڤ دەبەخشێ، خولقێنەر و بەدیهێنەر دەبێ. چاو کراوە وەک تاکێکی کۆمەڵگا خۆ دەردەخا بەڵام لە ئاکامی هەڵس و کەوت وەک ئەرکێکی پیرۆز لە کۆمەڵگادا قاڵ دەبێ. هەستی بەر پرسیارەتی، شێوازی کەڵک وەرگرتن لە هەر جووڵەیەکی مرۆڤ، بۆ ئینسانی تر کردن ژیان دەبێتە ئامانجی سەرەکی شاخەوانەکان و پێناسەیەکی تایبەت نە تەنیا بۆ یاری (وەرزشی) شاخەوانی دەبێت، بەڵکوو لە ئەدەبیات و هونەر و جوانتر کردنی کۆمەڵگا لە دونیای واقع و نووسین دەبێتە دەنگۆی ئەو ئاکارانەی کە لە دونیای شاخەوانیدا ڕووی دەدا. بێ دەلیل نیە ئالبێر کامۆ، فەیلەسووف و نووسەری فەڕانسەوی دەڵێ "شاخەوانی وەرزشی مرۆڤە گەورەکانه" کە بە پێداچوونەوە لە ڕابردوەکانی پڕ لە ڕەمز و ڕازی شاخەوانی پەل دەهاوێ و ڕێگاژۆ دەکا و ئێمە  بۆ ناسینی دونیای شاراوە و جوانتر کردنی کۆمەڵگا و فەرهەنگێکی دەوڵەمەند سەقامگیر دەبا. لەو وەرزشە هەموو دەتوانن قارەمان بن. ئولگوو وەرگرتن و بەرهەم هێنان و بەدیهێنان وەک کانیاوێکی پڕئاو کە هەرکەس بە پێ توانا دەتوانێ بینی پێوە نێ و توونیایەتی بشکێنێ. شاخەوانی هەمیشە نیگای نوێ دەخولقێنێ، بیر و ئەندیشە دەخاتە گەڕ، مرۆڤ دەخاتە کار و تێبینی و بەرژەوەندە نەبینراوەکانی دونیای خۆی دەبینێ. بەرژەوەندی نوێ، بیری تازە و رێ کەوتن و بارهێنان و ڕاهێنان وەک مەعریفەیەکی تازە دەخاتە بەردەم بەردەنگەکانی و ڕێ کەوتن و جم و جۆڵ وەک پێداویستێکی زەمانی خۆی و فێر بوون و فێرکردن دەکاتە سەرەکی ترین بواری هونەری شاخەوانی. ژینگە و پاراستنی وەک ئەرکێکی مەزن دەبێتە بەردی بنا‌غەی هەڵس و کەوتی شاخەوان.

لە غەرزی واقیع ڕوو دەکەینەوە کوردوستان، لەگەڵ ڕێبوارێکی حاڵ زان، شاخەوانێکی بە ئەزموون، قاڵ کراوی ڕەنج و کار و دوکتورێکی بە ویژدان کە نەتەنیا تۆز و خۆلی شاخ و پێدەشتەکانی شاخەوانی پێوە دیارە، بەڵکوو بۆ زانیاری و خوێندەواری سنوورەکانی ڕاپەڕاندووە و لە گەورەترین کالیجی ئەمریکا بڕوانامەی پزشکی وەرگرتوە. دوکتور خوسرەو خوسرەوی کوردوستانی لە ساڵی ١٣١٨ هەتاوی لە بنەماڵەیەکی گەورەماڵ و خێرخواز لە شاری سنه لە دایک بووە. هەر لە منداڵیەوە چاوی به کێوەکانی کوردستان پشکووتوە. خوێندنی دواناوەندی (دبیرستان) لە زانستی سرووشتی (علوم طبیعی) وەک دیپلۆم لە شاری سنە وەردەگرێ. لە ساڵی ١٣٤٥ هەتاوی دوکتورای پزشکی لە زانکۆی تاران بە سەرکەوتوویی تەواو دەکا، هەر لەو کاتە وەک خوێندکاری پزشکی لە تاران دەرسی خوێندوە، بە هۆی هۆگری بە شاخەوانی لەگەڵ باشگای شاخەوانی (باشگاه ابرمرد) وەک شاخەوانێکی چالاک پێوەندی دەگرێ و بڕوانامەی شاخەوانی و سەختەوانی (سنگ نوردی) لە تاران وەر دەگرێ. دوای تەواو بوونی خوێندنی پزشکی لە ساڵی ١٣٤٥ هەتاوی بۆ درێژە پێدانی خوێندنی پزشکی باڵا، ڕوو دەکاتە ئەمریکا و درێژە بە خوێندنی پزشکی ئەدا. سەرمایە و ڕاحەتی وڵاتی ئەمریکا بۆ ساتێکیش ئەوی ختۆکە نەداوە، بۆیە دوای تەواو بوونی لە ساڵی ١٣٥١ هەتاوی گەڕاوەتەوە کوردوستان. وەک دوکتورێکی بە مەشوور و پرنسیپ لە کۆمەڵگای کوردوستان بەتایبەت دێهاتەکانی ناوچەی "کەڵاتەرزان"  وەک ئاوایی نگڵ و ناوچەی ژاوەرۆی هەورامان لە خزمەت خەڵکی فەقیر و بێدەرەتان دا بوو. لە بیرەوەری دێهاتەکانی ناوچەی سنه نێوی دوکتور خوسرەوی بە گەورەیی یاد دەکرێتەوە.هەستی مرۆڤایەتی، خاکی و خۆڵینە بوون و شاخەوانی وەک مرۆڤێکی لێ بوردە و ڕۆح سووک بە پشت بەستن بە توانای تەمەن دوکتورێکی خۆشەویستی لێ بەدی هێناوە کە لە دونیای توواناکانی خۆی زۆر هەڵسووڕێنەرە. هەموو هەڵس و کەوتی بۆوەی بووە کە مناڵان و لاوانی نەتەوەکەی لە ئامێزی ئارمانی گەورە باوێ، ڕێ کەون و بۆ بەرژەوەندی خاک و ئاو خۆ نەخەنە باوەشی ناحەزان. دوکتور خوسرەوی کوردستانی لە ساڵی ١٣٤٤ هەتاوی بۆ شاسوواری شاخەکان ئەلبورزی هەرەبەرز، کێوی "دەماوەند" هەڵگەڕاوە و چوەتە لووتکەی دەماوەند، چاوی بە دیتنی هێلانیەی سیمۆرغ، زاڵ و فەرەیدوون گەشاوەتەوە. بوونی لە ئەمریکا ئەزموون و بیری پڕ لە هەڵس و کەوتی زۆرتر دەخاتە گەڕ، بەڵام قەت چرای پڕ لە شەوقی شەقامە ڕێکانی سانفرانسیسکۆ چاوی بە شەوارە ناخا و گڕی کزی فانۆس و لەنتەری ئاواییەکانی کوردوستان لە دڵی دا کز ناکا و بۆ ساتێکیش لە بیریان ناکا.

بۆ هەوەڵ جار لە کێوی "ئەلوەند"ی هەمەدان لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٢ هەتاوی لە کۆڕی شاخەوانانی کوردوستان کە لە لایەن جەماوەری کانوون شاخەوانانی کوردوستان بۆ ڕێزنان لە ٥٠ ساڵ ئەزموون و شاخەوانی و خزمەت بە گەل و نیشتمان دوکتور خوسرەو خوسرەوی کوردستانی پێک هاتبوو و بە بەشداری ٥٠٠ شاخەوان لە شاخی ئەلوەند بەڕێوە چوو، چاوم پێ کەوت. بەو عومر و تەمەنەوە لەگەڵ ئێمە شاخەوانی کرد، لە هەموو بارێکەوە قەوارە جوان و لەبەردڵان بوو. دیمەنی دڵاوای شاخی ئەلوەند (پێگەی باپیرانمان) و قەڵافەتی نەسرەوتووی بەساڵا چووی پڕ لە ئەزموونی دوکتور خوسرەوی لە نێو شاخەوانەکان گڕ و تینێکی پێ بەخشیم کە لە کوتن نایه. دەستە پیاوێکی گەنم ڕەنگ، نێو چاوان کراوە بە ئەزموونی ٥٠ ساڵ شاخەوانی و خێرخوازی و خزمەت بە گەل و نیشتمان. کۆی هونەر و بایەخی دوکتور خوسرەوی کوردوستانی، زۆرتر هەستی مرۆڤایەتی و خاک و خۆڵینە بوونە، باڵای وەک دەماوەند بەرز، جوان و دڵرفێن وەک گوڵە شلێرو بەخوڕ وەک سیروان. بەو هەموو هەست و هەناسە خۆی لە دونیای چاو و ڕاو و سنگ ڕەپێش خستن و خۆ جاڕدان و خۆ هەڵکێشان و خۆ ویستی دزیوە و حەول و دەولی هاوارە  دژی ناپاکی و ئینسانی تر کردنی ژیان. لە دونیای پڕجەنجاڵی سەرمایەداری کە بەشێک بۆ قڕان مل لە چەقۆ دەنێن، زۆرتری سامان و سەروەتی خۆی بۆ چی کردن و سەرپەرشتی دەرمانگای خۆڕایی لە ئاوایی "کەرەونان" (کروندان) لە ناوچەی دێولان (دهگلان) و چێ کردنی هونەرستانی کشت و کاڵ سەرف کردووە، کە کۆی ئەوانە بە شاهیدی خەڵکی سنە و ناوچە، خۆی لە ١٠ میلیارد تمەن داوە. بە هیچ پێوەڕەیەک ئەو دڵاواییه مانا ناکرێت تەنیا لە بەرژەوەندی خاک و نەتەوە نەبێ. بە عەشق و خۆشەویستی هەست و هەناسەی گووڕاوە، شاخەوانی بیرازی کردووە و گەل و نیشتمان لە ئامێزی گرتوە.

لە مانگی خەرمانانی ئەو ساڵ (١٣٩٥ هەتاوی)، لە شاخەوانی کێوی "کوڕەی میانه" بە ٣٠٠٠ متر بەرزایی" کەوتوەتە سەرۆی ئاوایی نگڵ و ئاوایی میانه کە هەست و عاتیفەی بەشەر ڕادەژەنێ و بە سەدان کانیاو کە ئاویان بە دڵاوایی بۆ نێو دڵی زەوی و زاری ئاوایی میانه دەدەڵێنێ، لێو رێژ لە هەست و هەناسە کە بە زمان تاریف ناکرێ" لەگەڵ کاک محەممەد حەمیدی، خەڵکی میانه و چەند لە هەواڵان بۆ حەسانەوەی دوای شاخەوانی دەعوەت کراین بۆ کەوێڵ (چارداغ) ی کاک مەنسوور قاسمی، باوەپیارەی کاک موحەممەد حەمیدی. بە دڵاوایی و میوان گری لە داوێنی شاخی کوڕەی میانه لە کەوێڵی کاک مەنسوور، قسە و باس کەوتە ئاراوە. تەمەنی کاک مەنسوور لە شەست تێپەڕیوە.کاک مەنسوور باسی نەخۆشی "سورێژە"ی ساڵی ١٣٤٥ هەتاوی ناوچە کرد: "ئەوکات تەنیا دوکتوری ناوچە لە ئاویی نگڵ دوکتور خوسرەوی بوو کە بە فیداکاری زۆربەی ئەو منداڵانەی سورێژەیان گرتبوو کۆی کردنەوە و بردنیه نگڵ و بە کۆی گشتی هەتا چاک بوونەوەیان قەرەنتینە کران و دەرمانی کردن کە خۆم ڕزگار بوو دەستی دوکتور خوسرەویم لە سورێژە، ئەو کاتە میرمنداڵ بووم و دوکتور خوسرەوی دوای معالیجەم لە ئاخری مانگی جستان وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ کێشاوم و نووسراوەیەکیشی لە پشت وێنەکە نووسیوە کە هەستی دوکتور بەرامبەر مرۆڤ و کێو نیشان دەدا".کاک مەنسوور ئەو وێنەیە دا بە ئێمە کە ڕازێنەرەوەی نووسراوەکەمان بێت.

بە باڵای تەمەن و دونیایێ ئەزموون و شاخەوانی، دوکتور خوسرەوی لە کۆمەڵگایەک دا دەژی کە هێشتا برینە قووڵەکانی مێژووی پێوە دیارە، بەڵام وەک بیرمەندێک بە وزەیەکی لە ڕادە بەدەر، قەت لە کۆمەڵگای خۆی نەتۆراوە. لە نێو جەرگی جەماوەر، ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی و ڕای پەڕاندوە و پێیوایە؛ بۆ کۆمەڵگای خۆت هەنگاو بنه و ئەوە لە دەستت هات بیکە، ئەوە قارەمانییەتە. بێ دەنگ و هاوار. هەڵس و کەوت لەگەڵ زەمان، وەک ئەرکێکی مێژوویی و ئەستووگرتنی بەرپرسیارەتی ئیشی کۆمەڵگا و بەرژەوەندی نەتەوەیی، پشت کردن لە بیری نالەبار و پشت بەستن به بیر و ئەندیشەی خۆت و خستنه گەڕی، بۆ وەی گیانی دووبارە بچێتە نێو جەستەی کۆمەڵگا؛

مجو ای هم وطن از ایزد تقدیر بخت خود

طلب کن بخت را از جنبش بازوی سخت خود

بوێری لە پێناو نەتەوە و دۆزینەوەی ڕێکارەکان تەنیا و تەنیا بە وەڕێ کەوتن، جووڵە دژایەتی لەگەڵ نابەرژەوەندی نەتەوەیی، جڵەو کردنی خەیاڵ پڵاو، لە پێناو هوشیاری و بەرهەم هێنان و وەڕی کەوتن مۆگەر دەبێ. ئەوەیه ئامانجی دوکتور خوسرەوی کوردوستانی.

لە گەرد و لوولی گێژاوی زەمان، نەتەنیا وەک شاخەوانێکی بەئەزموون و بەرپرسیار، بەڵکوو وەک مرۆڤێکی نەتەوەیی هەستیار بە خەم و ئازاری نەتەوەکەی بوە و بۆوەی دونیا جوانتر بنوێنێ قەت لێیان نەتۆراوە. ئەوڕۆکانە تۆزی گەرد و خۆڵی دەورانی پێوە دیارە، هەرچەند گڕ و تینی لاوەتی بۆ شاخەوانی نەماوە، بۆوەی ئەزموونەکانی شاخەوانی بۆ بەرەی داهاتوو و لاوەکان بهێڵێتەوە لە ساڵێ ١٣٩٢ هەتاوی ئەرکی یەکێک لە دامەرزەرانی لێژنەی شاخەوانی کوردوستان (کانون کوهنوردان کردستان) وە ئەستۆ گرتووە. بۆوەی لە نێوان بەرەی ڕابردوو و نەوەی داهاتوو پردێک چێ بکا لە ساڵەکانی ١٣٦٢ بەولاوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ بەرپرسی ڕادیۆی پزشکی دەنگی کوردوستان بوە. بۆ وەی هیچ کات و دەرفەتێکی بۆ پێوەندی لەگەڵ خەڵک لەدەست نەدا لەگەڵ خێرخوازانی "چێ کردنی قوتابخانە" زۆر لە حەول دایه  و بەرپرسی گۆڤاری وەرزنامەی دیابێت بە نێوی "شەفای کوردوستان" ئەرکێکی دیکەی دوکتورە.

هەرچەند کەسایەتی، شاخەوانی و خێرخوازی دوکتور بە هیچ زمانێک ناکوترێ بەڵام وەک پێزانین کە دوکتور به شنەی کوێستان مەست دەبوو و بە ئاوی ڕیندوە بەفرەکان نەبا تاسەی نەدەشکا، وەک ئەمەگناسی کە لە ساڵی ١٣٤٥ لە ئاوایی نگڵ منداڵانی ناوچەت لە سورێژە ڕزگار کردووە و ڕوو بە کێوی کوڕەی میانە لە وێنەکەدا ڕاوەستاوی بۆ سەربەرزی و گەردن فرازیتان وەک شاخەوان دەچمە سەر شاخی "کوڕەی میانە" و کڵاوەکەم دادەگرم و بۆ گەورەییتان سڵاو دەنێرم. ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لەسەر دوکتور خوسرەوی کوردوستانی پێ نییە، بەڵام وەک شاخەوانێک وت و وێژێک بوو لەگەڵ خاک و ئاو. 

تەواو

سەلام سمایل سورخ، شاخەوان و بەرپرسی بونیادی زاگروس ناسی

 

پەراوێز:

تۆرەمە= ڕەگەز، نژاد، جسنات

لەنتەر= فانۆس

باوەپیارە= زڕباب

کەوێڵ= چارداغ، ماڵێک لە نێو باغ و مەزرا ساز دەکرێ

چێ کردن= دروست کردن، لە کرمانجی هاتووەتە نێو زمانی سۆرانی

قاڵ کراو= توانەوە، زەوب کراو

ژاوەرۆ= ناوچەیەکی بەرێن لە نێوان ڕۆژئاوای شاری سنە و کامیاران و رۆژهه لاتی شاری مەریوان کە بە زاراوەی هەورامی قسە و ئاخاوتن دەکەن (هەورامی ژاوەرۆ).

یاری= وەرزش

ڕێگاژۆ= پەل هاویشتنی ڕیشەی دارێک لە ژێر زەوی بۆ جێیەکی دیکە

ختۆکە= خدیلکە، ختیلکە

بیراز کردن= تیژ کردن

ئامێز= باوەش

لاوەتی= جحیڵی، جەوانی

بینی پێوە نێ= دەمی پێوە نێ، دەم بە کانیاو نان

جڵەو کردن= هەوسار کردن (افسار کردن)

کوڕەی میانە= شاخی بەرزی ناوچەی مەریوان بە ٢٩٠٠ متر بەرزایی، کەوتۆتە سەرۆی ئاوایی نگڵ و میانه، لە لایەکیش پەل دەهاوێ بۆ سەرۆی سەوڵاوا کە سەدان کانی زۆر پڕ ئاو و سازگاری لە خۆ دەدەڵێنێ وەک: کانی چیاو، کانی سڵێمان بەگ، زەردەخانی، کانی بی، کانی ڕەزڵە و... کە لە بەهاران زۆر زنوێرە.

 

وێنەی ژمارە ١:

ساڵی ١٣٤٥ هەتاوی، ئاوایی نگڵ، دوکتور خوسرەوی کوردوستانی لە جل و بەرگی "سپاه بهداشت" لەگەڵ میر منداڵێک بە نێو مەنسوور قاسمی کە دوای نەجات بوونی لە دەست سورێژه ئەو وێنەیە لەگەڵ گرتووە. ئەو وێنەیە، کاک مەنسوور قادری کە تەمەنی لە ٦٥ تێپەڕیوە، دای بە ئێمه و کوتی: دوکتور خوسرەوی دێ بە دێ و ئاویی بە ئاوایی دەگەڕا و منداڵانی سورێژە لێدراوی تیمار دەکرد.

وێنەی ژمارە ٢ :

دەست خەتی دوکتور خوسرەوی لە پشت وێنە، کە بۆ یادگاری لە ساڵی ١٣٤٥ بۆ نەخۆشەکەی نووسیوە و هەستی شاخەوانی وی پیشان دەدا.

وێنەی ژمارە ٣:

دوندی دەماوەند، ساڵی ١٣٤٤ هەتاوی لەسەر بەرزترین کێوی ئێران، دوکتور خوسرەوی کوردوستانی.

وێنەی ژمارە  4و5و6:

هەڵکشان و سعوودی شاخەوانانی کوردوستان (کانون کوه نوردان کردستان)، بۆ ڕێز نان لە ٥٠ ساڵ شاخەوانی و خزمەت بە گەل و نیشتمان، دوکتور خوسرەوی لە شاخی "ئەلوەند" هەمەدان. ٢/١٢/١٣٩٢

کانون کوه نوردان کردستان

ارسال شده توسط . farid.bayzidnezhad.  چهارشنبه  26 آبان ماه 1395- ساعت 14.10







   نام   

 ایمیل     

متن