هوا شناسی
آرشیو اخبار
گالری تصاویر
فدراسیون
کردستان

  میراتی زاگرۆس - به قلم سلام اسماعیل سرخ


زاگرۆس،هەرێمێکی پان و بەرین، لە لیزگەیەکی مەزن لە شاخ و پێدەشتەکانە، کە بەشێکی زۆر لە وڵاتی ئێران لە خۆ دەگرێ . هەر لە سنوورەکانی تورکیە ڕا کە کێوەکانی "تۆڕۆس" کۆتایی پێدێت ، دەست پێدەکا و بە درێژایی باکووری، ڕۆژئاوا،پارێزگاکانی کوردوستان ، کرماشان،لوڕستان، خوزستان ، چووارمەحاڵی بەختیاری ، کۆهگەلویە و بۆیر ئەحمەد ، و بەشێک لە پارێزگای ئیسفەهان و کرمان و فارس لە خۆ دەگرێ ، بە درێژایی ١٦٠٠ کیلۆمێتر و پانایی ٢٠٠ هەتاکوو 250 کیلۆمێتر دەخوشێ ، هەتاکوو خۆ دەخاتە باوەشی زەریای عوممان . کە لەو نێوەدا بە هەزاران کێو و کێوپارە و بە دەیان کێوی بەرزتر لە 3 هەزار میتر و چووار هەزار میتر دە بیندرێ . کە بەرزترین کێوی زاگرۆس هەڵکەوتوو لە لێزگەی کێوەکانی "دنا " لە پارێزگای کۆهگەلویە و بۆیر ئەحمەد ، کێوی " قاش مەستانە " بە بەرزایی 4450 میتر ، لە لیزگەی کێوەکانی دنا 60 کیلۆمیتر درێژایی هەیە کە 40 شاخی بەرزتر لە 4000 میتر تێیدا دەبیندرێ . کوردوستان دا قەندیل بە 3560 میتر لە سنووری ئێران ، عێراق و توورکیە ، سەری وا لە سەر سەران ، لە پارێزگای کوردوستان و کرماشان دا " حەوی خانی " بە 3410 میتر هەڵکەوتووە لە " شاهۆ " دا دەبیندرێ شاهۆ لیزگەی کێوێکی د‌وور و درێژ لە ڕەوانسەر دەست پێدەکا هەتا حەڵەبجە و تەوێڵەی کوردوستانی گەرمیان بە 110 کیلۆمیتر درێژایی کە 10 کێوی بەرزتر لە 3000 میتری لە خۆ گرتووە . زاگرۆس ، تەنیا هەڵکەوتەیەک نیێە کە بە سەدان چۆم و چۆمیلکە وەک گاوەڕۆ ، سیروان ، زایەندەڕوود ، کاروون ، دز ، زابی چکۆلە ( کەڵوێ) ، تەتەهو(سیمینە رود) ، جەغەتوو(زرینە رود) ، خوڕخوڕە ، قزل وەزان ، و ... لە خۆدەگرێ ، و لە بەرەکەتی زستانی دوور و درێژی زاگرۆس ، کێو و کێوپارەکانی بەفرێکی زۆر لە قەد ولاپاڵی میوان دەبێ ، ئاوی پێداویستی 50 لە سەدی خەڵکی ئێران بەدی دێنێ ، و هەڵسووڕێنەری ئابووری زیاتر لە 83 پارچە شارو و 34 هەزار گوند و نیوەی حەشیمەتی ئێران ڕاستەوخۆ بە ئاوی زاگرۆس گرێدراوە . زاگرۆس ، یەکێک لە کۆنترین و سەرەکیترین شوێنی ژیان ، گوورانی " ژیار " بووە . بە هۆی سەرسەوزی ئەو هەرێمە ، ئەشکەوت و داڵدە کوچکینەکانی پێش لە مێژوو ، ئاو و لێڕەوارەکان ، ژیان تێیدا سەقامگیر بووە ، بیر و ئەندیشە کەوتۆتە گەڕ . لەو کاتەی بابو ، باوەرەی ئێمە لە داوێنی زاگرۆس ئارامیان گرت ، و ژیان مسۆگەر بوو ، زاگرۆس داڵدە و پشتیوانێکی لە مێژینە بوو بۆیان ، بیر و ئەندیشە کەوتە گەڕ ، هێز و هەناو بە ئاڕاستەی ژیانەوە کەوتە هەڵکشان . ئامرازی بەرهەم هێنان پێشکەوتنی بە خۆیەوە‌ دیت ، مێژوو کەوتە قسە . تۆزی ڕێگا ، زۆنگی دڵ ، ماندووی لەش لە داوێنی وەک منداڵێک لە ئامێزی زاگرۆس دا ئارامیان گرت . عەشق و خۆشەویستی کەوتە کایە ، ئەوە هێمای زاگرۆسە ، زۆرتر لە هەرکات خۆ ئەنوێنێ ، ئازاری خاک ڕادەژێنێ . زاگرۆسی سەوز و زیندوو ، باس لە کۆمەڵێ ژیان ، ڕابردوو و ڕاپەڕین و ڕامیاری و لانکەی ژیار و دیاری و دیاردە دەکا . دا بە یەکەوە بچینە نێو کۆمەڵێ زانیاری سەبارەت بەو هێمایە ، کە وەک میرات بۆمان ماوەتەوە . زاگرۆس ئەو هەرێمە پان و بەرینەیە ، گۆمێیەکی مەند لە نەتەوەکانە ، کە بۆتە شوێنەواری ژیان و ژیوار .کورد و تورک و لوڕ و بەختیاری و فارس پەروەردەی داوێنی پاکی زاگرۆسن . هەر بۆیە بە حەق دەکوترێ لەو لەو هێمایە دا ، گوتاری خۆشەویستی بەردەوام ، پێکەوە ژیان وەک میراتی زاگرۆس بە سەمبولێک دا بنرێ ، بە تایبەت کانگای ئایین و ئایین زاکان لە ناو جەستەی زاگرۆس دا بەدی بکەین . کۆنترین ئایینی مرۆڤ ، ئایینی " مێهری " بێ ، ئێستا و ئێستاکەشی لە گەڵ بێت ، لە تۆرەمەیی ئەو ئایینە لە کوردوستان دا ماوەتەوە . ئەێزەدییەکان و کاکەییەکان میرات گری ئەو ئایینن ، لە گۆشە نیگایەکەوە بە میرات و با گڕاوەندی زاگرۆسی بزانین . بنەما بنەڕەتییەکانی فەرهەنگی سینگ فراوانی ، ڕووحی پێکەوە ژیان و بە تایبەت زۆر بوونی نەتەوەکان لە زاگرۆس دا ، هۆکارێکە لە ژێر سێبەری ئەو کولتوورە لە کوردوستان دا بێتە هۆکارێک کە شوێن دانەر بێ بۆ حاوانەوەی ئایینی ، و تەنیا نەتەوەیەکین لە دونیادا شەڕی ئایینیمان نەکردووە . ئەگەر لە فەترەیەکی زەمانی دا ململانێ و شەڕ و قەیرانی ئایینی هاتبێتە گۆڕێ ، مەودادار نەبووە و لە مەڵبەند و ناوەچەیەکی تایبەت دا ڕووی داوە ، پەل کێش نەبووە ، قەت کوردوستانی نەتەنیوە .  بە تایبەت لە گۆڕانکاری شەڕی یەکەمی عالەمی کە کوردوستان دەبێتە مەیدانی بەربەرەکانی دەوڵەتی ڕووس و تورکی عوسمانی . بە دەنەدانی سپای تورکی عوسمانی کە گۆیا لە ئایین دا پێکهاتەیەکین لە قەواری شەڕی ئایینی دا بەشێک لە ناوچەی موکریان لە کوردوستان دا بە گژ سپای ڕووس دا دەکەن ، کە کورد تێیدا بە مەسڵەحەتی تورکی عوسمانی قوربانی کراوە و زەرەرمەند بووە . ڕۆژهەڵاتناسی گەورەی ئینگلیزی ، " هێنڕی ڕاولینسۆن " لە دونیای عیلم و زانیاری دا هەوەڵین کەسێک بوو ئەو ڕاستییەی سەلماند ،  لە ساڵەکانی 1836ی زایینی ئەو پیاوە زانایە بۆ جاری یەکەم هاتە پێدەشتەکانی زاگرۆس . و لە کوردوستان دا بە سینگی تاتە بەردەکانی دیوارەی بێستوون دا وە سەرکەوت ، و نووسراوەی کەتیبەی داریووشی گەورەی کە بە خەتی بزماری (خط میخی) بوو ، نوسخە بەرداری کرد . وەری گێڕاوە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا ، و ڕەمز و ڕازی ئەو بەڵگە مێژووییەی بە دونیا ناساند . هاتە نێو کوردوستان ، لە سەر ئەو ڕاستیێە وتەیەکی زۆر بە نرخی هەیە کە دەڵێ : بە ڕادەی مارو مێرو لە زاگرۆس دا ئایین و ئایین زا وەدی هاتووە . ( در زاگرس به اندازه مور و ملخ دین تولید شده است . ) . ئەوە لە جیهان و مەڵبەنێکی گەورە دابوو ، کە بە شوناسێکی نوییەوە دەیڕوانیە ئێمە یانی بەرەنگاری دین و ئایینی کەس نەبووین بۆیە ئەو هەمووە ئایینە بەدی هاتووە . بۆیە خوشەویستی دەبێتە سەر هەڵدانی سووژیەکی نێو بۆ ئەوڕۆکەش ، کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ، شەڕی ئایین بۆتە زەلکاوی بێواری کە زۆرێک بە ناحەق تییەوە گلاون ، بەڵام کورد خۆی لە قەرەی نەداوە . ئەوەش بە میراتێکی دیکەی زاگرۆسی دەزانین ، وەک فەرهەنگ بۆمان ماوەتەوە ، ئەوستایشەش لەواقێعدا ئێمە خۆمان بۆ خۆمانی ناکەین ، بەڵکوو ئەوڕۆ دونیا ملکەچی ئەو ڕاستییە . کە نیشانەی ڕۆڵ و بەشی بێ ئەملاو و ئەولای کۆمەڵگای کوردی و رۆحی لێبوردەیی بۆ تێپەڕین بە سەر ئێش و بڕکەکانی کە لە دونیای واقێع دا لە گەڵی دەستەویەخەێن . و لە دونیای پڕ لە کێشەو ئاڵۆزی ئەوڕۆکەدا ڕاکێشانی سەمبولەکان و بیروڕاکان بۆ ڕاستییەکان بەڵگەیەکە بۆ ڕزگار بوون لە دوای بێ مانایی توند و تیژی و ...

عەشق و بیر و ئەندیشەی پێکەوە ژیان لە بەرامبەر ئایین زاکان بابەتێکی گۆڕانسازە ، بۆ سەقامگیر بوون بە شێوەیەکی مۆدێڕن لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوای هەڕەشەکان و کۆنەپەرەستەکان کە هەردەم ملهوڕانە خەونی ناخۆشمان بۆ دەبینن . ئەوەش دەکرێ لە مێژووی خۆشەویستی پڕ لە شان و شەوکەتی سەرانسەری ئەدەبیاتی زاگرۆس بەدی بکەین ، کە نە تەنیا مەکۆی ئایین و ئایین زاکان بووە ، بۆ ئێمەی کورد میراتێکی بە نرخە و ستایشیێەکە بۆ جوانی . لە زاگرۆس دا بە تایبەت کوردوستان بە پێ بەڵگە مێژووییەکان ، بێشکەی کۆنترین هەڵبەستی خۆشەویستی گۆی زەوییە بە پێ هەڵبەستە مێژووییەکەی " ئینهێ دۆنا ، خاتوو خودای شێعر بۆ ئینانا" هۆندوویەتەوە . بەڵام بە داخەوە چونکینە خاوەنێکمان نەبووە ، لە سنوری جیهانی عیلم و زانایی و ناوشیاری خۆمان میرات و با گڕاوەندی باش و بە نرخی خۆمان بە گێوی کەس ناگات و ناتوانین خاوەنداری بکەین . و لێرەدایە نەتەوەی یۆنان بە هۆی دەست بێڕا گەیشتنی سەواد و زانایی و کاریگەری خۆیان ، بەر دەنگی ئەوە دەبن ، کە هەوەڵین هەڵبەستی خۆشەویستی لە یونان لە لایەن " هۆمێڕ" هەڵبەسترابێ . و ئەوەش شانازێکە کە نەتەوەیەک بانگەشەی خۆشەویستی بکات و ئەدەبیاتی ببێتە بەشێک لە شۆناسی خۆشەویستی . ئەوە لە کاتێک دایە ، بە شاهیدی مێژوو و عیلم و زانایی ، هەزار و حەوت سەد ساڵ بەر لە " هۆمێر" بە پێ بەڵگەی توێژەران وەک " سامۆئیل کریمێر " " دیان فۆلگشتاین ، ... " کۆنترین هەڵبەستی خۆشەویستی لە هەرێمی زاگرۆس لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردوستان لە لەیەن عافرەتێکی کورد بە نێوی " ئینهێ دۆنا ، Enheduanna " بۆ خاتوو خودای سامان و دەست ئاوەڵەیی " ئینانا ، Inana " هۆندراوەتەوە . دەبێتە داڕێژەری ئەدەبیاتێکی نوێ لە جیهان و شێوە ڕوانینێکی تازە لە سەر ژن و عەشق و خۆشەویستی وەک ئەستێرەی بە تروسکەی گەشەگەش دەبێتە هەوێنی سەرەکی ئەو هەڵبەستە مێژوویێە . ئەوەش لە خۆی دا دەبێتە میراتی گەورەی فەرهەنگی کە لەو ساڵانەی دواییدا لە نێوان دوو چۆمان ( بین النهرین ) دا دۆزراوەتەوە ، کە بە زمانی سۆمێری لە سەر سوواڵەتەکان داماوەتەوە . لە تەپ و تۆزی ڕێگای پڕ هەودای زەمان ، زاگرۆس دەرس و وانەی مێژوویە . لانکەی ژیار و پێکهێنەری بەرو بوو و سەروەتو و سامانمانە . حەقایەت و ئەفسانە ، بەیت و باوو گۆرانی ، هەڵقوڵاوی سروشتی زاگرۆسە . داستانی ئاشتی و پێکەوە ژیانە . بەو هەموو میرات و نیشتمانی کوردوستان کە زاگرۆس بۆی بە جێ هێشتووین ، دەبێ ببێتە هەوێنی زیندوومانەوە ، باوی هەنگاومان خۆشتر بکات بۆ تاو تۆی کردنی بەرهەمە گەورەکانی ژیان ، زەوق و سەلیقە پەلکێشی ئاراستە ڕەواکان کات ، ڕوو گرژی ناڕەواکان بین ، ئەزموونێکی نێو بنیات بنێن . زاگرۆس وەکوو گۆمێکی مەند وەک شاخێکی هەزار بە هەزار ، تاڤگەو ڕوبارێکی ڕەوانە ، کە دەڕژێتە دڵی زەویو و زاری         ویشکوو قاقڕ ، ڕۆدەچێ دەبێ بە هەوێن ، دەبێتە دارستان ، وەکوو سوورە چنار ڕەگاژۆ دەکا . بەڵام مخابن ، ئەوڕۆکە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و سامانی بێ سنوور دارستانی چڕ و پڕ گوڵ و باڵندە و سروشت و دڵ پێ شێل دەکا . ئاکامی ئەو نەزانین و هەڵەکارییە دووایە دەست بە ئەژنۆ دانیشتن ، زووخاو خواردنە . ئاکامی وشک بوونی دار و دارستان و داڕمانی سروشت لە بەرداشی زەمان دا وێران بوونە . مروڤ بە سرووشتەوە زیندووە . سرووشت ، پەیکەرەی مروڤە . ئەگەر بمانەوێ بمێنین دەبێ لە گەڵ سروشت ئاخاوتن بکەێن ئازای جەستەو هەناوی مرۆڤ لە گەڵ سروشت گرێدراوە و بەشێکە لە سروشت کە حاشا هەڵنەگرە . دەستی بە توانای مرۆڤە ، وێرانە ئاوەدان دەکاتەوە ڕۆڵەی ئەمەگناس میراتی باوکی بە بادا نادا . ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لە سەر زاگرۆس پێ نییە ، وەکوو شاخەوانێک وتو و وێژێک بوو لەگەڵ خاک و ئاو : تەواو سەلام سمایل سورخ : شاخەوان و بەرپرسی بونیادی زاگرۆس ناسی .

 

پەراوێز

1-قاش مستان : قاش ، وشەیەکی بەختیارییە بە مانای چاو ، چاو مەستان بەرزترین کێوی لیزگەی شاخەکانی دنا لە کۆهگەلویە و بۆیر ئەحمەد هەڵکەوتووە . بۆ بیرەوەری لە زستانی 1383 هەتاوی لەگەڵ لیژنەی شاخەوانی ئێران دا بە سەری دا هەڵگەڕام . کە کۆچ کردوو موقبیل هونەرپەژوە بەشدار بوو .

٢- وشەیەکی هەورامییە ، بە مانای شارستانییەت  .

٣-ئینهێ دونا خاتوو خوای شێعر : نووسراوەیەکی چڕ و پڕ لە لایەن ڕێزدار ، لەیلا ساڵحی لە سەر ئەو هەڵبەستە ، کە بەشی هەوەڵی لە ژێر ناوی ئینانا و ئیبەدا وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی چاپ کراو لە گۆڤاری مەهاباد ، ژمارەی 105 ساڵی 1388 .    

کێوی شاهۆ

بەرزترین کێوی زاگرۆس لە ئێران (دنا)

هێنری ڕاولینسۆن لە ساڵی 1836 زایینی هاتە کوردوستان

بەرزترین کێوی زاگرۆس لە کوردوستان ( قەندیل )

تهیه وتنظیم : سلام اسماعیل سرخ

کوهنورد و رییس بنیاد زاگرس شناسی

کانون کوه نوردان کردستان

ارسال شده توسط . farid.bayzidnezhad.  یکشنبه 8 اسفندماه 1395- ساعت 12.15







   نام   

 ایمیل     

متن